خۆچاره‌سه‌ریی منداڵ

هەڵامەت لای منداڵان

Förkylning hos barn - sydkurdiska

هەڵامەت(سەرماخواردن)چڵککردنێکە لەناو لووتا، گەردندا یان گەروودا. نیزیکەی هەمیشە هۆکارەکەی ڤایرۆسە. سەرماخواردن نەریتی وایە لەخۆیەوە بەسەرچێت، بەڵام هەندێک شت هەن بۆ کەمکردنەوەی کە بۆ خۆت ئەتوانیت بیکەیت.

هەڵامەت بە ئاسانی تەشەنە ئەکات، بەتایەبەت ڕٶژانی یەکەم کە منداڵەکە نەخۆشە. بۆ خۆلادان لەوەی پەتاکە بڵاونەبێتەوە، دەستەکانی خۆت و منداڵەکەت بەزۆریی بشۆ. 

.Läs texten på svenska här

نیشانەکانی لای منداڵ لە هەڵامەتدا

 ئاسانە کە منداڵەکە لە هەڵامەتدا

  • لووتی گیرابێت
  • ئەپژمێت و چڵمی دێت
  • تۆزێک ژانەسەری هەیە
  • تا ی هەیە 
  • کۆکەی سووکی هەیە
  • بە زەحمەت شت قووت ئەدات قورگی وروژاوە.

کاتێک منداڵەکە تووش ئەبێت تەنها ڕٶژێکی وا ئەخایەنێت پێش ئەوەی نیشانەکانی یەکەمین بەدەرکەون. ئاساییە کە منداڵەکە لە ڕۆژانی یەکەم دا هەست بە نەخۆشی بکات، بەڵام پاشان گورجتر ئەبێتەوە. لەسەرەتادا چڵمەکە ڕوونە و پاشان خەستر ئەبێتەوە. چڵمەکە لەوانەیە بۆر، زەرد یان سەوز بێت. منداڵەکە لەوانەیە لە یەک تا دوو هەفتە هەڵامەت و کۆکەی لەگەڵدا بێت.

کۆکینی منداڵەکە بەشێکە لە بەرگری لەش. لەش لەڕێگەی کۆکینەوە خۆی لەو شتانە ڕزگارئەکات کە ڕێگاکانی هەناسەدان ئەورووژێنێ.

جاروبار منداڵ تای بەرزیان دێت، بەڵام وا نەریتە کە زوو بەسەرچن.

ئایا کەی ئەبێت من لە چاودێری بگەڕێم؟

 زوربەی جاران هەڵامەت لەخۆیەوە بەسەرئەچێت، بەبێ ئەوەی منداڵەکە پێداویستی بە چاودێری بێت. گەر هەڵامەتەکە لە ماوەی یەک هەفتەدا باشتر نەبوو ئەوا لەوانەیە منداڵەکە تووشی چڵککردن بووبێت، کە پێداویستی بە چارەکاریی هەیە.

 

  • لە بنکەیەکی تەندروستی یان سەردانگەیەکی ئێشکگر لە چاودێری بگەڕێ، گەر منداڵەکە
  •     لە سێ مانگ منداڵترە و تاکەی ٣٨.٠ پلەی سێلسیوسە یان زیاتر
  •     لەنێوان سێ و شەش مانگە و تاکەی ٣٩.٠ پلەیە یان زیاتر
  •     لە شەش مانگ سەرووترە و تاکەی ٤١،٠ پلەیە یان زیاتر.
  •     زیاتر لە چوار ڕۆژ تای هەیە.
  •     ئازاری گوێی هەیە و ژانەکان پاش شەووڕۆژێکیش کەمی نەکردووە.
  •     تەڕایی هەیە کە لە گوێوە دێتەدەرێ
  •     بەلایەوە زەحمەتە مەمک یان مەمکەشووشە بمژێت لەبەرئەوەی لووتی گیراوە
  •     وەک باری ئاسایی پەیوەندیی ناکات و لەوە ئەچێت سست بێت
  •     نایەوێت نە بخوا نە بخواتەوە
  •     بەلایەوە زەحمەتە هەناسەی قورس، خێرا یان بە جیکە بدات

چڵمی خەست زوربەی زۆری جاران هۆکار نییە بۆ پەیوەندییکردن بە دوکتۆرەوە، گەر منداڵەکە بەگشتی تەندروستی باش بێت.

بەڵام پەیوەندیی بە چاودێرییە بکە گەر منداڵەکە هەڵامەتدارە یان تەنها یەک کونە لووتی گیراوە. ئەوە کەوانەی هۆکاری هەوکردنی بۆشاییەکانی لووت بێت یان منداڵەکە شتێکی ئاخنیوە کە لە لووتیا گیری خواردوە. بۆ نموونە پۆڵکەیەک یان هەڵماتێکی پلاستیکی.

تۆ مافی ئەوەت هەیە تێبگەیت

بۆ ئەوەی تۆ لە چاودێرییەکەتدا بەشدار بیت و بڕیار بگریت ئەوا گرنگە لەو زانیارییە بگەیت کە لە کارمەندانی چاودێرییەوە وەریئەگیت. گەر تێناگەیت پرسیار ئاراستەکە. تۆ ئەشتوانیت داوا بکەیت کە زانیارییەکەت بە نووسراوی بدەنێ(بۆت چاپ کرێت) بۆ ئەوەی بە ئارامی و هێمنی بیخوێنیتەوە.

گەر تۆ بە سویدی قسە ناکەیت یان بیستنت کەمبۆتەوە ئەکرێت مافی ئەوەت هەبێت کە یارمەتی لە وەرگێڕێکەوە وەربگریت.

تۆ ئەتوانیت گەڕان لە چاودێری بکەیت جا لە هەر بنکەیەکی تەندروستی یان سەردانگەیەکی پسپۆڕانە لە سەرانسەری ووڵات دا کە بتەوێت .تۆ بواری ئەوەشت هەیە کە پەیوەندییەکی سەقامگیرت لەگەڵ دوکتۆرێکدا لە بنکەی تەندروستی هەبێت.

تۆ ئەتوانیت هەمیشە تەلەفۆن بکەیت و ئامۆژگاریی نەخۆشیی بە تەلەفۆن ١١٧٧ وەرگریت.

هەڵامەت لای منداڵ بەم شێوەیە تەشەنە ئەکات

 هەڵامەتی منداڵان زۆر تەشەنەکارە. ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی دڵۆپی بچووک لە هەوادا تووشبوون ئەخاتەوە. ئەوان ئەتوانن لەکاتی پژمینی، کۆکینی منداڵەکە یان منداڵەکە دەستی یەکێک بگرێت بگوازرێنەوە.

هەڵامەتەکە ئاسان بڵاوئەبێتەوە لەبەرئەوەی منداڵ پەیوەندیی جەستەیی زۆرە لەگەڵ گەورەساڵان و منداڵانی تردا. ڤایرۆسەکە ئەتوانێت لەسەر کەرەسەی یاری دا بێت، کە منداڵ ئەیلێسنەوە و ئەی مژن. ڤایرۆس و بەکتریا ئەتوانن تا چەند ڕۆژێکیش بە کەرەسەی یارییەکانەوە بمێننەوە..

ئاساییە کە منداڵ ساڵی زۆر جار هەڵامەتی هەبێت

مندااڵ لەچاو گەورەساڵدا  زووبەزووتر هەڵامەت ئەگرن. ئەوە ئاساییە کە لە ساڵانی یەکەمینی ژیانی منداڵەکەدا تا حەوت جار هەڵامەت لە ساڵێکدا بگرن. هەڵامەتەکان لەگەڵ ڕۆیشتنی کاتدا بەدەگمەن تر دێن.لە دە ساڵییەوە منداڵیش هەروەک گەورەساڵ دووچاری تا دوو جار هەڵامەت لە ساڵێکدا ئەبێت.

چڵککردنەکان لە دوو ساڵی یەکەمدا وا ناکەن کە منداڵەکە بەرهەڵستکاریی پەیداکات. کەچی منداڵی گەورەتر بەزۆریی بەرهەڵستکاریی دژی ئەو ڤایرۆسانە پەیدا ئەکەن کە لێوەی تووش ئەبن.

منداڵی تا شەش مانگی پارێزەیەکی دیاریکراویی دژی هەڵامەت هەیە، ئەوەش لە چاکی ئەو دژەتەنانەیە کە دایکەکە بۆ منداڵەکەی ئەگوازێتەوە کاتێک کە منداڵەکەی لە سکدایە. بەڵام منداڵێکی تازەلەدایکبوو سەرباری ئەوەش بە چڵککردن هەستیارە، بەتایەبەت لە مانگی یەکەمیندا.

من ئاوا لە بڵاوبوونەوەی هەڵامەت خۆم لائەدەم

 ئەوە زەحمەتە لە تووشبوونی منداڵ بە هەڵامەت خۆلادرێت. بەڵام ڕێگا هەیە کە مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتاکە کەم کرێتەوە:

  •  دەستەکانی خۆت و منداڵەکە زووزوو بشۆ. لە پێش و پاش هەموو ژەمەخواردنێک.
  •  منداڵەکە فێرکە کە لەبەری ئانیشکیا پژمین بکات، لەباتی ئەوەی ڕێک بۆ دەرەوە فڕێی بدات.
  •  لە هەوڵی ئەوەدا بە منداڵەکە فێرکەیت کە پەنجە بە لووت و گوێیدا نەکات، لەبەرئەوەی ڤایرۆس ئاسانتر لەوێدا جێی خۆی ئەگرێت.

ئەوەندەی بکرێت لێگەڕێ منداڵەکە لەدەرەوەی ناوماڵدا بێت، هەتا بە زستانیش. ڤایرۆس لەناو ماڵدا ئاسانتر بڵاوئەبێتەوە.

دوکەڵی تووتن ئەبێتە هۆکاری فرە زیاتر لەچڵککردنی ڕیگاکانی هەناسەدان

ئەو منداڵانەی کە لە ژینگەیەکاندا دوکەڵی جکەرە هەڵئەمژن بەزۆریی تووشی چڵککردن ئەبن لەچاو ئەو منداڵانەی کە لە ژینگەیەکی بێ دوکەڵدان، خۆت لادە لەوەی کە منداڵەکەت لە ژینگەیەکدا دانێیت کە مرۆڤ جگەرەی تێدا ئەکێشن.

ئایا ئەبێت منداڵەکە لە ماڵەوە بمێنێتەوە؟

 منداڵانێ کە تایان هەیە، ماندوون و بێ هێزن ئەبێت لەماڵەوە بمێننەوە و نەچن بۆ پێشخوێندنگا، پێشخوێندنگای کراوە یان خوێندنگا بۆئەوەی لەماڵەوە بحەوێنەوە. منداڵانێ کە تایان نییە و تەندروستییان باشە ئەتوانن بۆ پێشخوێندنگا یان خوێندنگا بچنەوە با هەڵامەتیشیان هەبێت

ئایا بۆخۆم ئەتوانم چی بکەم بۆئەوەی یارمەتیی منداڵەکە بدەم؟

 تۆ ئەتوانیت لە کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەدا کۆمەک بکەیت بۆ ئەوەی هەتا بکرێت منداڵەکە تەندروستی باش بێت.

زوربەی هەرە زۆری منداڵە بچکۆلەکان بە لووت هەناسە ئەیەن، بۆیە بۆ ئەوان کە لووتیان گیراوە زەحمەتە خواردن بخۆن. بەزۆریی چڵمی ووشکەوەبووە لە لووتایە کە وا ئەکات منداڵەکە لووتی بگیرێت.

دڵۆپی خوێئاوک ئەتوانرێت تا پێویست بێت بەکاربهێنرێت

تۆ ئەتوانیت دڵٶپی خوێیاوک لە لووتا بەکاربهێنیت بۆئەوەی چڵمەکە شل کەیتەوە و لووت پاککەیتەوە. ئەتوانرێت دڵٶپی خوێیاوک لە دەرمانگە بکڕرێت.

تۆ ئەشتوانیت خۆت دڵۆپی خوێیاوک دروست بکەیت. یەک دەسیلیتر ئاوی شلەتێن لەگەڵ یەک میللیلیتر خوێ تێکەڵاو کە. ئەوە بە ئەندازەی یەک پێوەریی بەهاراتە. ئەوەت بیر بێت کە ئاوەکە زۆر گەرم نەبێت. بە یارمەتیی سرنجێکی پلاستیکی کە لە دەرمانگە بۆکڕین هەیە تێکەڵاوەکە بە دڵۆپ بکەرە کونەلووتی منداڵەکەوە یان تۆپەڵە لۆکەیەک بەکاربهێنە.

دڵۆپی خوێئاوک نیزیک بەهەمان ڕێژەی خوێی وەک شلاوەکانی ناو لەش تێدایە، وەک بۆ نموونە خوێن و لیمف بۆیە دڵٶپی خوێئاوک بۆ لینجەپەردەکان سووکە و ئەتوانرێت چەند زۆر پێویست کات و تا ماوەی چەند پێویست کات بەکاربهێنرێت.

گەر شیر ئەدەیت ئەتوانیت لەباتی دڵۆپی خوێئاوک شیری مەمک لە لووتی منداڵەکەدا بەکاربهێنیت.

دڵۆپی لووت ئەتوانرێت تا ماوەیەکی سنووردار بەکاربهێنرێت.

کاتێک منداڵ لووتی گیراوە ئەتوانێت سپرای لووت بۆ ئاوساویی کەمکردنەوە یان دڵۆپی لووت وەربگرێت. ئەمە وا ئەکات کە ئاوساوییەکەی ناو لووت بنیشێتەوە. هیچ سپرای لووت یان دڵۆپی لووت کە پەسەنکراوە بۆ منداڵانی ژێر یەک ساڵ نییە – ئەوکاتە دڵۆپی خوێئاوک کاری پێئەکرێت. بۆ تەمەنە لێکجیاوەزەکان، سپرای لووت و دڵۆپی لووتی لێکجیاواز پەسەنکراون. لە دەرمانگە بپرسە و ڕێنماییەکانی سەر پاکەتەکە بە ووردی بخوێنەرەوە.

سپرای لووت بۆ ئاوساویی نیشتنەوە نابێت زیاتر لە دە ڕۆژ بەسەریەکەوە بەکاربهێنرێت، گەر بۆ ماوەیەکی درێژتر بەکارهێنران ئەکرێت کاریگەریی پێچەوانەیان هەبێت و وائەکات کە ناو لووتی منداڵەکە ئاوساو بێت.

سەری منداڵەکە بەبەرزیی ڕاگرە

ئاوساویی ناو لینجەپەردەکانی ناو لووت کەم ئەبێتەوە گەر منداڵەکە سەری بەرزڕاگیرێت لە کاتی خەوتندا. تۆ ئەتوانیت سەرینێکی سەر بە زیادە بخەیتە ژێر دۆشەگەکەوە. تۆ ئەشتوانیت کە پاکانی لای سەرەوەی سیسەمەکە بخەیتە سەر دووسێ پەڕتووک(کتێب) بۆ لێژکردنی سیسەمەکە. منداڵی بچووک ئەکرێت پێیان خۆش بێت لە جێی دانیشتنی بەبە یان دەسترازەی هەڵگرتنی بەبەدا دانیشن.

ئاو بەزۆریی بە ئەندازەی دەرمانی کۆکین باشە

دەرمانگەلی کۆخین بەبێ ڕەچەتە لەسەرماخواردندا(هەڵامەتدا) کۆمەک ناکات. کۆکین گرنگە بۆئەوەی منداڵەکە بەڵغەم بهێنێتە دەرەوە و بۆریەکانی هەناسەدان خاوێنکاتەوە. ئاوی ئاسایی بە منداڵەکە بدە بیخواتەوە. تۆ ئەتوانیت هەنگوینی تواوە لەئاوی ئاوی گەرمدا بە منداڵی سەرو یەک ساڵ بدەیت. ئەوەت بیربێت کە هەنگوین کلۆری لە دداندا دروست ئەکات، کەواتە ددانی منداڵەکە فڵچە بکە. دەرمانی کۆکە هەرگیز بە منداڵی ژێر دوو ساڵان مەدە.

منداڵێ کە تای هەبێت ئەبێت بەزۆریی ئاو بخواتەوە.

بۆ کەمکردنەوەی کۆکەکە ئەتوانیت شتێک بە منداڵەکە بدەیت بیخواتەوە. بەتایەبەت گەر منداڵەکە تاشی هەبێت. منداڵ خێراتر تووشی کەمبوونەوەی شلاو ئەبن لەچاو گەورەساڵاندا. ئەوان لەچاو باری ئاساییدا زیاتر پێویستیان بە خواردنەوە هەیە، بۆئەوەی ووشک نەبنەوە. ئاو، شەربەت یان گوشراوە پێشکەش بکە. منداڵێک کە کەمی خواردبێتەوە ئەکرێت ماندوو، داهێزراو و کەمتر لە باری ئاسایی میزکات. گەر منداڵێک نیزیک بە باری ئاسایی میز بکات ئەوا ئەو خواردنەوەی مامناوەندی خواردۆتەوە.

منداڵێ کە تای هەبێت جاروبار نایەوێت خواردنی ئاسایی بخوات. ئەوە هیچ مەترسی تێدا نییە گەر منداڵەکە ئیشتیهای لە چەند ڕۆژێکا کەمبووبێتەوە. ئەو خواردنانە پێشکەش بکە کە منداڵەکە حەزی لێێە. بۆ نموونە دۆندرمە (بەستەنی)، کرێم یان فڕنیی(ڤێلینگ)ی پێ بدە.

دەرمانی دژی ژان و تا، ئەکرێت لەکاتی پێویستا بدرێت

تا یەکێکە لە شێوازەکانی لەش بۆ بەرگریی لە خۆی دژی چڵککردن. ڤایرۆس ناو بەدەنی پێ خۆش نییە کاتێک گەرم بێت. لەبەر ئەوە چارەکاریی بۆ تای منداڵ مەکە گەر بەگشتی تەندروستی باشە.

گەر منداڵەکە بۆڵەبۆڵکارە، نایەوێت نە بخوا نە بخواتەوە یان گەر بە ئێواران بە زەحمەت ئارام بێتەوە، ئەتوانیت دەرمانی تا داگر و ژان کەمکردنەوەی بدەیتێ کە پاراسیتامۆل ی تێدا بێت. بۆ نموونە ئەلڤەدۆن یان پانۆدیل. ئەوە ئەتوانرێت لە تەمەنی سێ مانگانەوە بدرێت، بەڵام هەمیشە پەیوەندیی بە چاودیرییەوە بکە پێش ئەوەی دەرمان بە منداڵی ژێر شەش مانگان بدەیت.

لە تەمەنی شەش مانگییەوە ئەتوانرێت دەرمانی ژانشکێن و تاداگری بدرێتێ کە تەنی کاریگەریی ئیبۆپرۆفێن ە و بۆ نموونە لە ئیپرێن و ئیبۆپرۆفێن دا هەیە.

پەیوەست بە تەمەنی منداڵەکە، دەرمانەکان بە شێوازیی جیاواز هەن. لە دەرمانگەیەک بپرسە کەچی بۆ منداڵەکەت گونجاوە. بە ووردیی لەسەر ڕێنوێنییەکان بڕۆ کە لەگەڵ پاکەتەکەدایە و دەرمانی جیاواز پێکەوە بەکارمەهێنە.

لە هەندێکی دیاریکراو لە دەرمان خۆت لادە

منداڵ تا تەمەنی ١٨ ساڵان نابێت دەرمانێکی بدرێتی کە ترشی ئەسیتیلسالیسیلی تێدایە، بۆ نموونە ترییۆ  و بامیل، مەگەر دوکتۆرێک بۆی نووسیبێت. لێرەدا مەترسیەک بۆ نەخۆشی کۆمەڵەنیشانەی رێیەس هەیە. ئەمە نەخۆشییەکی نائاساییە کە بێلەوە ئەبێتە هۆکاری زیانی مەترسیدار لە مێشکا.

گەر منداڵەکە مێکوتەشی هەیە، دەرمانێ بە منداڵەکە مەدە کە ئیبۆپرۆفین یان دەرمانی تر کەسەربە گرووپی NSAID یان کپکەری- coxی تێدایە. ئەوە لەوانەیە هاوکات لەگەڵ مێکوتەدا مەترسی نائاسایی، بەڵام چڵککردنی مەترسیدار زیادکات.

چارەکاریی

 لەبەرئەوەی هەڵامەت (سەرماخواردن)ئاساییانە بەهۆکاری ڤایرۆس دروست ئەبێت بۆیە چارەکاریی بە دژەتەنی زیندوو(ئەنتی بایۆتیک) سوودی نییە. بەرگریی جەستەیی ئاگای لە ساڕێژبوونەکە ئەبێت و هەڵامەتەکە لە خۆیەوە بەسەرئەچێت.

لەبارەی هەڵامەتەوە

 هەڵامەت چڵککردنێکە لە بەشی سەرووی ڕێگاکانی هەناسەدان، پێش هەموو شت لە لووتا. ڤایرۆس یان بەکتریا وا ئەکەن کە لینجەپەردەکان چڵک ئەکەن. ئەوکاتە ئەئاوسێن و لەباری ئاسایی زیاتر چڵم دروست ئەکەن. چڵمەکە لەوانەیە شل یان خەست بێت.

لێرەدا چەند سەدان جۆری ڤایرۆس هەیە کە ئەتوانن ببنە هۆکاری هەڵامەت.

نەخۆشی بەدواداهاتوو

گەر هەڵامەتەکە بەسەرنەچوو ئەکرێت منداڵەکە نەخۆشی تر لەسەرئەنجامی ئەوەوە بگرێت.

هەوکردنی گوێ ئاساییترین نەخۆشی بەدواداهاتووە

هەڵامەت ئەتوانێت جاروبار گەیاندەر بێت بە هەوکردنی گوێ. منداڵەکە ئازاری لە یەک لە گوێکاندا یان هەردوو گوێدا ئەبێت. هەوکردنی گوێ ئەکرێت پێویستی بە ئەنتی بایۆتیک هەبێت، بەر لەهەر شتێک منداڵانی تا یەک ساڵ یان لە تەمەنی دوانزە ساڵییەوە پێویستیان پێ ئەبێت.

نائاساییە کە منداڵ بۆشاییەکانی لووتی هەوکات

هەندێکی دیاریکراو لە منداڵان ئەکرێت تووشی هەوکردنی بۆشاییەکانی لووت بن کاتێک کە هەڵامەتیان هەیە، بەڵام نائاساییە. ئەوکاتە منداڵەکە لووتی ئەگیرێت، چڵمی خەست و ئازاری ناوچەوان یان ڕوومەتەکانی ئەبێت.

منداڵەکە ئەکرێت تووشی ئینفلۆنزاش بێت.

To the top of the page